کوشتن لەسەر شەرەف دەبێتە کەرەستەی سینەماکاران و کۆمەڵناسان

دەنیز سەرینجی

توێژەرێکی بیانی پێیوایە “نامووس و شەرەف” بەلای زۆربەی خێزانە کوردەکانەوە وەکو “پارە” وایە. نامووس وەکو پارە پێگەی خێزان لە نێو کۆمەڵگە دیاری دەکات.

رەتیشدەکاتەوە کوشتن لەسەر نامووس تەنیا پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامەوە ھەبێت و دەڵێت لە ئاینەکانی دیکەشدا ژن لەسەر نامووس دەکوژرێن.

توندوتیژی دژی ژنان بەناوی پاراستنی نامووس بەردەوام رۆژەڤی ھەرێمی کوردستانە.

کوردی تاراوگەنشینیش بێبەش نییە لەو تاوانانەی بە ناوی پاراستنی نامووسەوە لەدژی ژنان دەکرێن. لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین ژنی کورد لە تاراوگە کوژراون. لەوانەش کوشتنی پێلا ئەتروشی لە ساڵی ١٩٩٩ لە سوێد، کوشتنی فادیمە شاھینداڵ لە ساڵی ٢٠٠٢ ھەر لە سوێد. کوشتنی خاتوون سورچو لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٠٥دا و ھەروەھا کوشتنی بەناز مەھموود لە بەریتانیا.

کوشتنی ژنانی کورد لە ناوخۆ و دەرەوە بەناوی نامووس بووەتە جێی سەرنجی سینەماکاران و رۆژنامەڤان و کۆمەڵناسانی بیانی و دەیکەنە کەرەستەی کارەکانیان.

خوان پایتۆن، توێژەر لە زانکۆی کاردیف لە بەریتانیا، ھۆکاری تاوانی نامووس دەبەستێتەوە بە رۆڵی دایک و باوک لە کۆمەڵگەدا کە لەژێر کۆنترۆڵی پیاودایە.

پایتۆن لە فیلمی “بەناز.. چیرۆکی خۆشەویستی” کە باس لە کوشتنی بەناز مەھموود دەکات و خەڵاتی فێستیڤاڵی ئەممی وەرگرتووە، وەکو پسپۆڕێکی راوێژکار بەشداری فیلمەکەی کردووە و ئێستاش خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکە لەسەر توندوتیژیی دژی ژنان لە باشووری کوردستان.

ئەو دەڵێت لە نێو ھەندێک خێزان مەرجە کە ژنان بەپێی یاسا توندەکانی کۆمەڵگە بژین “نامووسی کچان بەشێکە لە نێوبانگی خێزان. ئەگەر کچ بە گوێرەی دەستووری خێزان ھەڵسوکەوت نەکات، ئەوا ئەو خێزانە رۆڵ و رێزی لە نێو کۆمەڵگەدا ون دەبێت، لەلای کورد نامووس وەکو پارەیە، ئەو پارەیە رەوشی ئەو خێزانە دیاری دەکات”.

کاتێک کچ رووبەڕووی نەریتی کۆمەڵگە و خێزان دەبێتەوە، باری خێزان لە نێو کۆمەڵگەدا قورس دەکات. وەک پایتۆن دەڵێت “خێزان ناتوانێت بە ئاسوودەیی خۆی پێشانی کۆمەڵگە بدات، ئەوان ناتوانن سەیری رووی خەڵک بکەن، تەنانەت ھەندێکیان ناتوانن کاریش بکەن”.

جار جار لە نێوان دایک و باوک و کچدا کێشە دروست دەبێت، بە تایبەتی لە کاتێکدا کچ رازی نابێت شوو بەو کەسە بکات کە لەلایەن کەسوکارییەوە بۆی دەستنیشان کراوە. زۆرجار ھەوڵدەدەن کچەکە شوو بە ئامۆزایەکی خۆی بکات “کاتێک کچ ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە قبوڵ ناکات، ئەوە وەکو عەیبەیەک و شەرمەیەک سەیر دەکرێ بۆ دایک و باوک”. پایتۆن وا دەڵێت.

عایشە. ک، پسپۆڕی تاوانناسی لە زانکۆی رۆھامتۆن لە بەریتانیا، لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی کوشتنی ژنان لە ھەرێمی کوردستان کردووە و پەرتووکێکی ھەیە بەناوی (عھۆنۆورع کڵنگ ئاند ڤۆلەنجە: تھەۆری، پۆلجی ئاند پراجتجە.

واتە “کوشتن بە ناوی نامووس و توندوتیژی: تیۆری، سیاسەت و پراکتیک”.

ئەو ژنە دەڵێت “کوشتن لەسەر نامووس زیاتر لەو خێزانانەدا روودەدات کە گرنگیی زۆر بە مەسەلەی پاراستنی شەرەفی بنەماڵە دەدەن، ئەو پاراستنی شەرەفە بۆ ئەو خێزانانە لە سەربەخۆیی ژنەکە گرنگترە”.

“لە زۆر رووداودا ھاوکارییەک لە نێوان ئەندامانی خێزاندا ھەیە بۆ کوشتنی ژنان”. پایتۆن نموونەی دوعا خەلیل دێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە بە دار و بەرد کوژرا.

زۆرجار قسە لەسەر ھۆکاری ئەو کوشتنانە دەکرێت، ھەندێک بۆ ھۆکاری ئاینی و ھەندێکیش بۆ دابونەریتی دەگێڕنەوە. بەڵام بەقسەی پایتۆن، ئەو دوو ھۆکارە ھەردووکیان بەکاردەھێندرێن بۆ ئەنجامدانی تاوان.

ئەوەش رەتدەکاتەوە کە کوشتن بەناوی ئاین تەنیا لە نێو موسڵماناندا ھەبێت و دەڵێت “ھەندێک مەسیھی، ھیندۆسی و سیخی و پێشتریش کاتۆلیکەکانی دەریای سپی بەناوی نامووسەوە ژنیان کوشتووە”.

پرۆفیسۆری کورد بورھان یاسین، کە لە زانکۆی لوند لە سوێد مامۆستایە، نموونەیەک دێنێتەوە و دەڵێت “ساڵی ١٩٩٤ مەسیھییەکی فەلەستینی لە سوێد کچەکەی خۆی کوشت، لەبەر ئەوەی رازی نەبوو بە قسەی باوکی شوو بکات.

مەبەستم ئەوەیە کە ئەو جۆرە کوشتنانە لە نێو کەمینە نەتەوەییەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش روودەدەن”.

بەبڕوای پایتۆن، کوشتن لەسەر نامووس تەنیا پەیوەست نییە بە رۆژھەڵاتییەکان و دەڵێت “لە نێو رۆژاواییەکانیش خەڵکانێک ھەن زۆر پابەندن بە پاراستنی دابونەریت”.

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer