“تا مردن بەدوای ئێسک و پروسکی ھاوسەر و کوڕەکەمدا دەگەڕێم”

دەنیز سەرینجی

کۆمەڵەی “دایکانی شەممە” شەممەی ھەفتەی رابردوو جارێکی دیکە لە پارکێکی شاری ئامەد کۆبوونەوە و داوای چارەنووسی ونبووەکانیان لە دەوڵەت کرد. “دایکانی شەممە” وێنەی ھاوسەر و منداڵە بزرکراوەکانیان بەرز کردەوە.

لە ساڵانی نەوەتەکاندا لە باکووری کوردستان، لەسەردەمی شەڕی پکک و سوپای تورکیادا، بە ھەزاران رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە رفنێران و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.

لە نێو رای گشتی تورکیا ئەو تاوانانە بە “تاوانی بکەر نادیار” ناودەبرێن.

خەدیجە تەکداخ، ھەموو رۆژانی شەممە روودەکاتە پارکێکی ئامەد بۆ ئەوەی لە چارەنووسی ھاوسەری خۆی بپرسێت. خەدیجە لە ساڵی ١٩٩٤ەوە لە ھەموو شوێنێک لە ھاوسەری خۆی دەگەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ ئەنجامێکی بەدەست نەھێناوە.

ئەو ژنە بە گوت “٢٠ ساڵ لەمەوبەر رۆژێکیان من و عەلی تەکداخی ھاوسەرم چووینە نێو شار. چوار پیاوی چەکدار ھاتن. خۆیان وەک پۆلیس ناساند و ھاوسەرەکەمیان برد و چیدی نەمبینییەوە”.

خەدیجە لەبەر بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی تورکیا، سەردانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاشی کردووە. ئەو دادگاکانی تورکیا مەھکوم دەکات لەبەر ئەوەی “لە مافی ژیانی عەلی تەکداخ ناپرسن”. خەدیجە دایکی ھەشت منداڵە (سێ کچ و پێنج کوڕ).

دوای بێسەروشوێنکردنی عەلی، کوڕێکی رووی لە چیا کرد و چووە ریزی گەریلاکانی پکک، بەڵام لە شەڕێکدا گیانی لەدەستدا، دەوڵەتی تورک جەنازەکەی بە دایکەکەی نەدایەوە “ساڵی ١٩٩٥ بوو، من سۆراخی مێردەکەم دەکرد، دوای شەش مانگ کوڕەکەشم شەھید بوو، قەرەقۆلێک بۆمبێکیان ھاویشتە نێو کۆمەڵێک گەریلا و ھەموویان کوژران، لەو کاتەوە من داوای ئێسکەکانی دەکەم”.

خەدیجە کۆتایی بە قسەکانی دەھێنێت و دەڵێ “لەھەر شوێنێک بێت، با جەنازەی کوڕەکەمم پێشانم بدەن تاوەکو ئێسکەکانی ببینم.

من بەردەوام بە دوایدا دەگەڕێم و دەستبەرداری نابم”.

دلبەر بولوتیش ھەمان چیرۆکی ھەیە. ئەویش ھاوسەر، مام و سێ ئامۆزای بێسەروشوێنن. مستەفا بولوتی ھاوسەری ساڵی ١٩٩٤ لە ناوچەی لجێی سەر بە ئامەد لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دوای ئەوە کەس نەیبینیوە “ئێمە لە گوند بووین.

سێ رۆژ شەڕبوو. ھێزی سوپا ھاتە سەر ماڵمان و ھاوسەرەکەمیان برد، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ھیچ ھەواڵێکی نییە”.

دلبەر بە گوت لە کاتی بێسەروشوێنبوونی ھاوسەرەکەیدا کوڕەکەی تەمەنی بیست رۆژ بوو. واتە بەبێ باوک گەورە بووە.

بۆیە لەلایەنی دەروونییەوە زۆر زەھمەتی بینیوە. دلبەر ئەمەی گوت و داوای کرد “ھاوسەرەکەم لە کوێیە؟ کوژراوە یان نا؟ ئەگەر کوژراوە با ئێسکەکانم بدەنەوە”.

رەمزیە بەیرامیش وەکو دلبەر و خەدیجە بە دوای خزمە بێ سەروشوێینکراوەکەیدا دەگەڕێت. شیرین بەیرەم، کوڕی رەمزیە ئەوکاتە تەمەنی ١٨ ساڵ بوو.

لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بێسەروشوێنە. رۆژێکیان جەندرمەکان ھاتنە ماڵیان لە ئامەد و ئەویان لەنێو جێگادا دەرھێنا و لەگەڵ خۆیان برد. دوای دوو رۆژ، پۆلیس وەڵامی دایەوە و نکۆلییان لەوە کرد کە شیرین لای ئەوان بێت. کوڕێکی دیکەی رەمزیەش چووە ریزەکانی پکک و ئەویش لە شەڕدا گیانی لە دەست دا.

رەمزیە دەڵێت “شەو و رۆژ، ھاوین و زستان لەنێو دێھاتەکاندا دەگەڕێم، کاریگەری بێسەروشوێنبوونی جگەرگۆشەم وەسف ناکرێت و ئەوەی شەھیدیش بووە گۆڕی نییە”. رەمزیە ھەروەھا گوتی “تاوەکو دواھەناسەم بە دوای کوڕەکەمدا دەگەڕێم. ئەگەر لە ژیاندا نەماوە داوای ئێسکەکانی دەکەم.”

مەزندە دەکرێت لە ساڵانی نەوەتەکاندا لە باکووری کوردستان نزیکەی ١٧.٥٠٠ رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار و رۆشنبیری کورد و ھاووڵاتی ئاسایی لەلایەن (دەوڵەتی قووڵ)ئەوە کوژرابن و بێسەروشوێن کرابن.

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer