خانمە ھونەرمەندی کورد مەرزییە فەریقی ناوی تەواوی “مەرزییە شەھاب ‘ئەبدوڵڵا”یە، لە ١٩٥٨/٥/٢٢ لە شاری مەریوان-ی رۆژھەڵاتی کوردستان چاوی بەژیان ھەڵھێناوە، بەڵام دایک و باوکی خاتوو مەرزییە لەبنەڕەت دا خەڵکی شاری سنە”ن.
مەرزییە تا تەمەنی ١٧ ساڵی ژیانی لە شاری مەریوان بەسەر دەبات، بۆ خوێندنی مامۆستایەتی روودەکاتە شاری سنەو لەوێ خوێندن تەواودەکات، بڕوانامەی دبلۆم لە بواری مامۆستایەتی دا بەدەستدەھێنێت.
ھەر لەتەمەنی منداڵی دا ھەستیکردووە، کە دەنگی خۆشەو بەھرەی دەنگخۆشی تێدایە، ھاوکات لەلایەن باوکییەوە ھاندراوە، بەڵام بەھۆی نادروستی کۆمەڵگەوە، لەو رۆژگارەدا ستەم بووە ژنوو کچی کورد گۆرانی بڵێ، ھەربۆیە رێگەی ھونەری لێگیراوەو لەو پێناوەشدا زۆر بەقورسی ژیانی ھونەری خۆی بەسەربردووە، بەڵام سەڕەڕای کۆسپوو کێشەکان مەرزییەی ھونەرمەند ھەر بەردەوام بووە، لە جەژەنەکانوو یادو بۆنەکانەدا، ئەوانەی لە قوتابخانەدا سازکراون، بەشداریکردووەو بۆ یەکەم جار لە تەمەنی ٩ ساڵی دا چووەتە سەر شانۆی قوتابخانەکەی، یەکەمین گۆرانی، ئەوەی لەو کاتەدا چڕێوێتی گۆرانیەکی “فەتانەی وەلیدی” بووە، لەگەڵ موزیکدا بەناوی “لەسەر کانی دێتەوە لێو بەکەنیوو گۆزەبەشانەوە”.
مەرزییە فەریقی زۆر ھەزی بەبیستنی کارە ھونەرییەکانی باشووری کوردستان بەتایبەت “تیپی مۆسیقای سلێمانی” و زیاتر ھەزی بەدەنگی ھونەرمەندان “کەریم کابان” و “قادر کابان” بوو.
لە ساڵی ١٩٧٧ دا لە شاری سنە بە ھونەرمەند “ناسری رەزازی” ئاشنا دەبێتوو لە ساڵی ١٩٧٨ دا زەماوەند دەکەنوو ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ رەزازی ھاوسەری رێگەی خەباتی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان ھەڵدەبژێرنوو لە رێزەکانی “کۆمەڵەی زەھمەتکێشانی کوردستان ” دا خەبات دەکەن، ئەم خەباتگێڕییەشیان تا ساڵی ١٩٨٤دا بەردەوام دەبێت.
وەک ھونەرمەندێکی لێھاتووی شاخ شان بەشانی خەباتی چەکداری دەستدەکات بەکاری ھونەریوو لەگەڵ تیپی مۆسیقای “کۆڕی بانگەوازی کۆمەڵە” یەکەمین کاری ھونەریی لە شاخ بەسروودی “سڵاو بۆ پێشمەرگە” بێنجام دەگەیەنێت.
لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٥ەوە لە وڵاتی سوێد وەک پەنابەرێک لەگەڵ رەزازی ھاوسەریوو سێ منداڵەکەی دڵنیا، ماردین و کاردۆ ژیان بەسەردەبن.
ئەم ھونەرمەندە ناوازەی کورد رۆژی ٢٠٠٥/٩/١٨ لە کاژمێر ١١ی پێشنێوەڕۆ بەکاتی ئەوروپا، لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوێد ماڵاوایی لەمۆسیقاو ھونەری گۆرانی کردو بۆ ھەتاھەتای بەجێیھیشتین.
کۆچە ناوادەکەی تەواوی گەلی کوردی خەمبارکردو چەند رۆژێک دوای کۆچکردنی تەرمەکەی گەیەنرایەوە کوردستان و لە رێورەسمێکی شایستەدا لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.