Shahla Mohammadi

دوێنێ ڕیکەوتی ١٦ـ ١٢ـ ٢٠٢٠ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و ئینیستیتۆی سیرۆمی دەوڵەتی وچەند ڕۆژنامەوان و لایەنی بەرپرسی دیکە مێتە فرێدرکسن بڕیاری داخستنی کۆمەڵێک بازاڕی گەورەو ناوەندی کۆبوونەوەی دانیشتوانی ڕاگەیاند کە هەتا ٣ـ ١ ـ ٢٠٢١ بەردەوام دەبێت.

چەند ڕۆژێک بەر لە سەری ساڵ (یول) و بۆ بەرگرتن لەو ڕێژە بەرزەی تووشبوون بە کۆڤیدـ ١٩ لە دانمارک سەرۆکوەزیران مێتە فرێدرکسن بڕیاری دا ڕیساکانی پەیوەند بە کۆڤیدـ١٩ توندتر بکات

بڕیارە ئەم شوێنانە بەم شێوەیەی خوارەوە دابخرێن:

ـ هەموو سەنتەرەگەورەکان و مەگەزینەکان لەسەرتاسەری وڵات لە ١٧ـ١٢ ەوە

ـ هەموو دوکان و فرۆشگە بچووکەکان لە ٢٣ـ ١٢ ەوە بێجگە لە دەرمانخانەو سۆپەرمارکێتەکان، کە کەلوپەل و پێویستیەکانی رۆژانەی لێدەکڕڕیت

ـ ساڵۆن سەرتاشخانەو ماساجکارو تاتۆکار لە ٢١ـ ١٢ ەوە

ـ هەروەها لە ٢١ـ ١٢ ەوە پەیمانگەی شەوانەڕۆژیی (هۆیسکوولە) و زانستگەی لاوان (ئێفتەسکوولە) کان دادەخرێن

سەرۆکوەزیران زۆر بە کورتی بە زامانێکی وا کە هەموان لێی تێبگات وتی:

ئەوەی دەیکەین بۆیە دەیکەین چونکە بەرامبەرین لەگەڵ پەندیمییەک کە خەریکە لە ژێر ڕکێف (کۆنترۆڵ)مان دەردەچێت و دەرئەنجامەکانیشی لەو زەرەرە گەورەتر دەبن کە لە داخستنی ئەو شوێنانەی سەرەوەوە دروست دەبێت.

لە ئێستادا نزیکەی ٢٢ هەزار تووشبوو هەیە نزێک ١٥ هەزاریان تەنیا لە ماوەی هەفتەیەکدا تۆمار کراون. هەرئەو ڕۆژەش لە تۆماری ئینستیتۆی سیرۆم ٣٦٩٢ کەس بە ئەنجامی پۆزەتیڤ تێستکراون. هەڵبەتە ئەو ڕێژە بەرزەی تێستکردن کە لە دانمارک بەڕیوە دەچێت کاریگەری هەیە لەسەرئەو ژمارە بەرزەش، کە ئەمەش وێنەیەکی ئاشکرا لەسەر جدییەت و ترسناکی بارودۆخەکە دەخاتە بەر دید و دەستی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی وڵات.

ترسی بەرپرسانی وڵات لەوەیە، کە کەرتی تەندروستی و خەستەخانەوکارمەندەکانی بکەونە ژیر فشارێکی وەهاوە کە نەتوانن بەو نەخۆشانە ڕابگەن کە لەبەر خراپی بارودۆخیان داخڵی خەستەخانە دەکرێن. شایەنی باسە ئێستا نزیک ٥٠٠ کەس لە خەستەخانە چارەسەروەردەگرن.

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer