ڕاپۆرتی یادی ١٠ ساڵەی جێنۆسایدی ئێزیدییەکان لە دانمارک لەلایەن کۆڕی ئەنیا بۆ کوردستان
لە ڕۆژی شەممە ٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ یادێکی گەورە لە سەر شێوەی سیمینار و ناساندنی کتێب بۆ کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان لە شاری برۆندبیوی دانمارک بەڕێوە چوو.
یادەکە بەبەشداری ٤ پەرلەمەنتاری دانمارک، پەیامی وەزیرێکی دانمارکی و ٤ وەرزیری پێشووی دانمارک و هەروەها پەیامی ٤ پەرلەمانتاری دانمارک، وە بە ئامادەبوون و وتاری نوێنەری کۆمەڵەی ئێزیدییەکانی دانمارک و ژومارەیەکی زۆر لە کوردانی چوارپارچەی کوردستان و هاوڵاتیانی دانمارکی بەڕێوە چوو.
سەرەتا پەیامی کۆڕی ئەنیا بۆ کوردستان بە کوردی و دانمارکی خوێندرایەوە. پاشان دەێنیز بەرخۆدان سێرینچی ڕۆژنامەنووس و نووسەری کوردی دانیشتووی دانمارک، سەبارەت بە پەڕتووکی نوێی خۆی تایبەت بە قوربانیانی ئێزیدی دوا و کتێبەکەی ناساند.
دواتر پەیامی هەر یەک لە بەڕێزان، ماتیاس تێسفایە وەزیری منداڵان و پەروەردەی دانمارک خوێندرایەوە و بەدوا ئەودا پەیامی مۆگێنس لۆگەتۆفت وەزیری دەرەوەی پێشووی دانمارک و نوێنەری دانمارک لە نەتەوە یەکگرتووەکان، و مارتین لیدەگۆرد وەزیری پێشووی پەروەردە خوێندرایەوە.
لە بڕگەی دواتردا، هەر یەک لە پەرلەمانتارانی دانمارک سۆرێن سۆنەگۆرد و شرودور سکۆلە بۆ ماوەی دە خولەک لە سەر کارەساتەکە و گرینگی یادکردنەوەکە دوان.
بە دوا ئەودا، ڤیدیۆی سێ کچی بەکۆیلەکراوی ئێزیدی نیشان درا کە باسیان لە ئازار و ئەشکەنجەنیان دەکرد کە بەسەریان هاتبوو.
لە پاش ڤیدیۆکە، پەیامی هەر یەک لە ڤیلی سۆڤنداڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی دانمارک و نوێنەری دانمارک لە پەرلەمانی ئۆرووپا و کریستیان فریس باک وەزیری پێشووی پەوەردە خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی تردا، جێگری سەرۆکی شارەوانی گلادساکسە سەردار بێنڵی، پەرلەمانتار لارس ئەسڵان و پەرلەمانتاری پێشوو یڵدیز ئاکدۆغان بۆچوونی خۆیان و گرینگی تاوانەکە و ئەرک و بەرپرسایەتی هەموو لایەکیان، لەوانە دەوڵەتی دانمارک، باس کرد.
بەشوێن ئەودا، یڵماز یڵدیز نوێنەری کۆمەڵگەی ئێزیدی لە دانمارک قسەوباسی خۆی پێشکەش کرد و سپاسی نووسەر دێنیز بەرخۆدان و کۆڕی ئەنیا بۆ کوردستانی کرد بۆ رێکخستنی چالاکییەکە.
بەشی کۆتایی پەیامەکان بریتی بوو لە پەیامی پەرلەمانتارران کارینا لۆرێنزێن، هێلە بۆنەسێن، لارس براسک، کارین لیتۆرپ و دینا ڕۆبیەرگ بوو کە لەلایەن کۆڕی ئەنیاوە خوێندرانەوە.
بەشی کۆتایی سیمینارەکە پێکهاتبوو لە ژەنینی مووزیک لەلایەن موزیسیەنی کورد ئامانج زارا و واژۆکردنی پەڕتووکی نوێی دێنیز بەرخۆدان سێرینچی لەلایەن نووسەرەوە.
کۆڕی ئەنیا بۆ کوردستان، شادومانە بەوەی توانی خزمەتێکی تر بە دایاسپۆڕای کورد لە دانمارک بکات و کوردانی چوارپارچەی کوردستان بۆ یادێکی کوردستانی کۆ بکاتەوە، هەروەها خۆشحاڵین بەوەی پێوەندی و هاوکاری لە نێوان ڕەوەندی کوردی و کۆمەڵگەی دانمارکی بەهێز دەکات.
کۆری ئەنیا بۆ کوردستان، سپاس و رێزی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانی نووسەر دێنیز بەرخۆدان و هەروەها گشت ئەو هاونیشتمانیانەی دەربەستی کورد و کوردستانن و ڕۆژێکی خۆیان بۆ ئەو یادە تەرخان کرد و بەشدار بوون، پێشکەش دەکات.
سیمینارەکە تۆمار کراوە و دواتر ڤیدیۆکەی لە کاناڵی یوتووبی کۆڕی ئەنیا بڵاو دەکرێتەوە.
کۆڕی ئەنیا بۆ کوردستان
ڕێکەوتی 04.08.2024

Vîdyo

 

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer