مستەفای حەسەنە گەورە وەک پێشمەرگەیەک دژی رژێمی سەدام حوسێن خەباتی کردووە، دوای ئەوەی ئاوارەی وڵاتی دانمارک دەبێ، دەست دەکا بە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی سەرانی رژێمەکەی سەدام حوسێن، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن و هاوکات وەک کەسێکی رەخنەگر، رەخنەی لە ھەموو حیزبەکان دەگرت لە پێناو گەشەی زیاتر. مستۆ دوای تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، گیانی لەدەست دا.

لە نووسینی دێنیز سەرینجی وەرگێڕانی بەختیار شێخ حەسەن

رۆژنامەوان، چالاکوانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین ( مستەفای حەسەنە گەورە ) کە لە لایەن هاوڕێیانی بە “مستۆ” ناسرابوو، دوای ئەوەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، لەتەمەنی ٥٨ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.

ئەو خەڵکی شاری “رانییە” بوو لە باشووری کوردستان و لەشاری کۆبنھاگنی دانیمارک دەژیا و ساڵانێکە کە گیرۆدەی نەخۆشی ئاسم ببوو.

رۆژی ٧ مارس لە شاری سلێمانییەوە گەڕابووەوە بۆ وڵاتی دانیمارک، دوای ئەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، رۆژی ٢ی نیسان دەخرێتە ژێر ئامێری ھەناسەدانەوە و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەی گەورەی شاری کۆبنھاگن ( ریس ھۆسپیتاڵ)، دەگوازرێتەوە بۆ شاری ( ئارھۆس) و ھەرلەوێ کۆچی دوایی دەکات. مستەفای حەسەنە گەورە لەساڵانی ھەشتاکاندا، پێشمەرگە بووەو دژی ترسناکترین رژێم و دیکتاتۆری پێشوو سەدام حوسێن، لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خەباتی کردووە. پ.و.ک

دواتر کوردەکان کە لە سەدام حوسێن رزگاریان بوو و دەسەڵات کەوتە دەستی خۆیان. دوو ساڵ دوای ئەوە شەڕی ناوخۆ لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەری ھەڵدا. دووان لە براکانی مستەفای حەسەنە گەورە لەو شەڕەدا شەھید بوون و ئەو لە ساڵی ١٩٩٥ ئاوارەی وڵاتی دانمارک بووە.

ئەم پیاوە دوای ئەوەی کە لە کوردستان دابڕا و هاتە دەرەوە، لە دانمارک دەستی بە چالاکی کردەوە و زۆربەی چالاکییەکانی لە شاری کۆبنھاگن و دەوروبەری بەڕێوە دەچوو. ناوبراو خاوەنی سێ مناڵە، دوو کچ و کوڕێک. مستەفا وەک کەسێکی بێلایەن و ھەمیشە لەبەرەی ئۆپۆزسیۆندا بوو بەرامبەر ھەردوو حیزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رادەوەستا.

مستەفای حەسەنە گەورە کاتی پێشمەرگایەتی

یەکێک لە ھاوڕێکانی بە ناوی ( ھیوا زەبیحی) دەڵێت: مستەفا یەکێک بوو لە باشترین و چالاکترین کەسانی ئۆپۆزسیۆن لە دانمارک، کە رەخنەی لە سیستەمی کوردستان دەگرت. جگە لەوە مستەفای حەسەنە گەورە رۆژنامەنووس بوو، بۆ زۆر میدیای جیاوازی دەنووسی، لەناو ئەوانەدا کوردستان پۆست.

ھەروەھا لە بەشی دانمارکی رێکخراوی چاک/کوردۆساید کەسێکی چالاک بوو، کەکاری دەکرد بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی جەنگی سەدام حوسێن و ئەو تاوانبارانەی کە تاوانیان دژی کورد ئەنجام دابوو، وەک تاوانی ئەنفال و تاوانی بۆمببارانکردنی شاری ھەڵەبجە بە گازی ژەھراوی، کە ٥٠٠٠ پێنج ھەزار کورد ئەو کاتە کوژران لە مانگی مارسی ساڵی ١٩٨٨ بە فەرمانی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای سەدام حوسێن.

ھیوا زەبیحی دەیگێڕێتەوە کە : ئەو بۆ ئەوە ھەوڵی دەدا، کە تاوانی ئەنفال بەڕەسمی بناسرێت و جێبەجێکارانی بە سزای خۆیان بگەن. ئەو بەڵگەی لە دژی عەلی حەسەن مەجید کۆ دەکردەوە.

دارا حوسێن، کە لە کورد تیڤی لە دانمارک کاردەکات، لەبارەی ھاوڕێ کۆچکردووەکەی دەڵێت: مستەفا زۆر بەڕێز بوو، قسەخۆش، زرنگ، راستگۆ و بەوەفا. خەڵک دەیتوانی ھەمیشە چاوەڕوانی لێی ھەبێت و لێی دڵنیا بێت.

لوقمان مستەفا عەبدوڵڵاش قسەکانی هاوڕێیانی مستەفا پشتڕاست دەکاتەوەو ئەڵێ : ئەو ھەمیشە پڕ بوو لە وزەو توانا، ھەمیشە خەباتی بۆ خەڵکی کوردستان دەکرد.

 

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer