بەھار رەزا گوتی “لەبەرەوەی زۆر لایەن پشتگیری سەددامیان کردووە، بۆیە ئێمە تەنیا قوربانی دەستی سەدام نین، بەڵکو قوربانیی دەستی ھەموو جیھانین. ھەر بۆیەش ئەو تراژیدیایەی کە ئێمە بینیمان دەبێت دانی پێدا بنرێت”.

دەنیز سەرینجی

کوردی فەیلی لە سەرانسەری جیھان یادی ھەڵمەتەکەی رژێمی سەددام لە مانگی نیسانی ١٩٨٠ و دەربەدەرکردنیان دەکەنەوە و داوا لە جیھان دەکەن کە ئەو کارەساتە لەبیرنەکەن.

بەھار رەزا تەمەنی ١١ ساڵ بوو کاتێک خێزانەکەی لەلایەن رژێمی عێراقەوە لە بەخداوە بۆ ئێران وەدەرنران.

خێزانەکەی بەھار و ھەزاران فەیلیی دیکە تۆمەتی ئەوەیان درایە پاڵ کە ئەوان عێراقی نین و پاڵپشتی لە دوژمنی سەددام لە شەڕی ١٩٨٠-١٩٨٨ی دژی ئێران دەکەن.

“دەمانەوێ جیھان دان بەوەدا بنێت کە بەرامبەر ئێمە کرا. بۆ ئەوەی ئەم شتانە نەوە لە دوای نەوە لە جیھاندا دووبارە نەبێتەوە”. بەھار لە کۆپنھاگنەوە وای گوت.

لە کاتی ئەو شەڕەدا زۆر وڵاتی ئەوروپا پشتگیری سەددامیان دەکرد، لە بەرامبەر دوژمنە ھاوبەشەکەیاندا، ئایەتوڵڵا خومەینی.

بەھار گوتی “لەبەرەوەی زۆر لایەن پشتگیری سەددامیان کردووە، بۆیە ئێمە تەنیا قوربانی دەستی سەدام نین، بەڵکو قوربانیی دەستی ھەموو جیھانین. ھەر بۆیەش ئەو تراژیدیایەی کە ئێمە بینیمان دەبێت دانی پێدا بنرێت”.

فەیلیەکان کوردی شیعەن کە رەچەڵەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان لە رۆژھەڵاتی کوردستان.

ئەمڕۆ کوردی فەیلی لە بەخدا و خانەقین و مەندەلیش لە عێراق ھەن و دیالێکتی تایبەت بە خۆیان ھەیە.

عەبدولوەھاب کە ئامۆزایەکی لە ساڵی ١٩٨٠ دیارنەما، دەیەوێت ئەوروپا دان بە ئازاری فەیلییەکاندا بنێت “ئامۆزاکانی من ھەموو لاو بوون، دیارنەمان” وەھاب کە بۆ خۆشی زیندانی دەسەڵاتی عێراقی بینیوە، دەڵێت “دەمانەوێ دانیمارک و ئەوروپا دان بەمەدا بنێن. پەنجا ھەزار لە کەسوکارمان کوژران و دیارنەمان”.

فەیلیەکان لە بۆنەکەدا داوای مافی گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و موڵکی خۆیان لە عێراق کرد و داوایان کرد ئەو زەویانەیان کە ئێستا عەرەبیان لەسەر نیشتەجێن بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێندرێنەوە.

ھەروەھا داوایانکرد ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە بێسەروشوێنکردنی فەیلییەکان بدرێنە دادگا.

کوردی فەیلی پشتگیرییان لە شۆڕشی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦١ بۆ ١٩٧٥. ئەمەش رژێمی بەعسی تووڕە کرد کە دەترسان کوردی فەیلی ھاوکاریی رژێمی ئێران بکەن لە دژی عێراق، ئەوەش لەبەرەوەی فەیلیەکان شیعە بوون.

ژمارەیەکی زۆری خێزانی فەیلی بەزۆر لەلایەن ھێزەکانی عێراقەوە دەرکران و لەسەر سنووری ئێران فڕێدران، ھەروەھا دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا گیرا.

دوای داگیرکردنی عێراق و کەوتنی رژێمەکەی سەدام لە ٢٠٠٣دا ھەندێک لە فەیلییەکان توانیویانە ماڵ و موڵکە داگیرکراوەکانیان بگەڕێننەوە و داوای دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەو کەیسە دەکەن.

روفاتی ھەندێک لە بێسەروشوێنە فەیلییەکان دۆزراونەتەوە و ناسراونەتەوە، بەڵام ھێشتا زۆر لە بێسەروشوێنەکان نەدۆزراونەتەوە و تا ئێستاش زۆر کوردی فەیلی لە ئێران وەکو پەنابەر دەژین.

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer