Bakhtiar Saleh

لە وێستگەکانی مێژوودا، ئەم وڵاتی بەنگلادیشەی ئێستا، بەشێک بوو لە وڵاتی پاکستان. گەلی بەنگلادیش هەمیشە وەک هاوڵاتی دەرەجە دوو تەماشا ئەکران و لە هەموو ماف و ئیمتیازاتێک بێبەش کرابوون، تەنانەت مافی خوێندن و نووسینیشیان بە زمانی شیرینی دایکیان کە( زمانی بەنگالی ) بوو نەبوو.

زمان ، جگە لەوەی ئامرازی تێگەیشتن و پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگایە، پایەیەکی بەهێزی فەرهەنگی هەر نەتەوەیەکەو کەرەسەی پاراستنی مێژوو و گواستنەوەی رووداوەکانی مێژووشە بۆ نەوەکانی داهاتوو. ئاخر هەموو کەسێک تەنها بە زمانی دایکی خۆی دەتوانێت باشتر لەهەر زمانێکی تر ، گوزارشت لە دیوە پەنهانەکەی نێو ناخی خۆی بکات… گەلی بەنگلادیش هەوڵیان ئەدا، کە دەسەڵاتدارانی پاکستان لەو مافە زەوتکراوە ئاگادار بکەنەوە. رۆژی ۲۱/۲/۱۹٥۲ خوێندکارە بەنگلادیشییەکانی زانکۆی دەککا، کە ئێستا پایتەختی وڵاتی بەنگلادیشە، رێپێوانێکی هێمنانە ساز ئەکەن و تەنها دواکارییان ئەوە ئەبێت، کە ئەوان ئەیانەوێت بە زمانی بەنگالی بخوێنن و بنووسن. پۆلیس بە دەیان کەس لەوانەی رێپێوانیان کردووە، ئەکوژێت و بریندار ئەکات و شەڵاڵی خوێنیان ئەکات.

رێکخراوی ( یۆنسکۆ) ، کە یەکێکە لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و تایبەتە بە بواری : زانست و زانیاری و زمان و فەرهەنگ و مێژوو، لە رۆژی ۱۷/۱۱/۱۹۹۹، وەک رێزێک بۆ قوربانیانی گەلی بەنگلادیش لە پێناو زمانی بەنگالیدا، رۆژی ۲۱/۲/ وەک رۆژی جیهانی زمانی دایک ناساند. هەرچەندە ئەم بڕیارە دوای چەند ساڵانێکی زۆر دوای کارەساتی زاکۆی دەککا درا، بەڵام هێشتا درەنگ نەبوو.، ئەم بڕیارە توانی چەندین زمانی لۆکاڵی و ناوچەیی لە مەترسی لەناوچوون رزگار بکات…

رێکخراوی یونسکۆ ، مەترسی لەناوچوونی زمان و زمانۆچکە بچووکەکان بەهەند وەردەگرێت و گرنگی بە مانەوەیان ئەدات، چونکە پێیان وایە، کە هەموو تاکێکی سەر ئەم گۆی زەمینە، مافی خۆیەتی کە بە زمانی دایکی خۆی بدوێ و بنووسێت و بخوێنێتەوە و ئەمانەتەکانی مێژوو بە نەوەکانی داهاتوو بسپێرێت….

+ وێنەکە مۆنۆمێنتی (منارەی شەهیدە) لەبەردەم زانکۆی دەککا، لە شاری دەککای پایتەختی بەنگلادیش ..

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer