فەلەک ئەنجو کوڕە ١٣ ساڵەکەی، ئەرکان، لە رووداوەکەدا لەدەستدا. “کۆمەڵکوژییەکە ھەموو کاتێک کارمان تێدەکات، پارەمان ناوێ، دەمانەوێ ئەوانەی بەرپرسیارن دادگایی بکرێن”.

دەنیز سەرینجی

ساڵی ٢٠١١ لە کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی دا ٣٤ کەس، کە زۆربەیان ھەرزەکار بوون، لە ھێرشی فرۆکە ف١٦ کانی تورکیادا بۆ سەر گوندێک لە ناوچەی شرناخ کوژران.

قوربانییەکان کە زۆربەیان سەر بە یەک خێزانی کورد بوون، سەرقاڵی بە قاچاخ ھێنانی بەنزین و جگەرە بوون لە ھەرێمی کوردستان.

بەرپرسانی سەربازی وایانزانیبووە قوربانییەکان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پکک ن. ھکومەتی تورکیاش رایگەیاند کە ھێرشەکە ھەڵەی بێ مەبەست بووە.

ھەروەھا ھکومەت قەرەبووی پێشکەشی کەسوکاری قوربانییان کرد- کە رەتیان کردەوە- بەڵام ھەرگیز داوای لێبوردنی نەکردووە. کەسوکاری قوربانییان و چالاکڤانانی کوردی مافەکانی مرۆڤ داوادەکەن کەیسەکە لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی فەرمانی ھێرشەکەیان دەرکردووە و کێ سەرچاوەی زانیارییە ھەڵەکە بووە.

چالاکڤانان دەڵێن ھکومەتی تورکیا شەفاف نەبووە و بە دروستی بەدواداچوونی بۆ کەیسەکە ئەنجامنەداوە. پەرلەمان چەند دانیشتنێکی تایبەتکرد بە ھێرشەکە و دواجار بە ھێرشێکی ھەڵەی لەقەڵەم دا. ھەرچەند بەرپرسانی سوپا رەتیانکردەوە ئیفادە بدەن.

لە مانگی ھوزەیرانی ٢٠١٣ نووسینگەی داواکاری گشتی دیاربەکر رایگەیاند کە سوپا ئاگادار نەبووە و بەمەبەست قوربانییانی بۆمباباران نەکردووە، بەڵام کەیسەکەی رادەستی داواکاری گشتی سەربازی کرد.

کانوونی دووەمی ٢٠١٤ نووسینگەی داواکاری گشتی رایگەیاند کە تۆمەت ئاڕاستەی ئەو پێنج کەسە ناکات کە لە ھێرشەکە تێوەگلابوون، رایگەیاند “ھەڵەیەکی گەورەیان ئەنجامداوە” بەڵام تەنیا فەرمانیان جێبەجێ کردووە.

وەلی ئەنجو، گوتەبێژ بەنێوی بنەماڵەی قوربانیانی رۆبۆسکی و بەڕێوەبەری دامەزراوەی شەھیدانی رۆبۆسکی راگەیاند “دەوڵەت ھەڵوێستی خۆی ناگۆڕێت و بەردەوامە لە رێگەنەدان بە سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن.”

کەسوکاری قوربانییان لەگەڵ پەرلەمانتارانی تورکیا دانیشتوون بۆ ئەوەی کەیسەکەیان پێشبخەن بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیاری رووداوەکەن ھەروەھا بۆ ئەوەی کەیسەکە پتر لێی بکۆڵرێتەوە.

کۆمەڵکوژییەکە ناڕەزایی زۆری لە ناوچە کوردنشینەکان لێکەوتەوە و بووەتە لەکەیەکی گەورە لە ریکۆردی رەجەیب تەیب ئەردۆخانی سەرۆکوەزیران.

فەلەک ئەنجو کوڕە ١٣ ساڵەکەی، ئەرکان، لە رووداوەکەدا لەدەستدا. ئەو گەنجترین قوربانی بوو.
فەلەک دەڵێت “کۆمەڵکوژییەکە ھەموو کاتێک کارمان تێدەکات، پارەمان ناوێ، دەمانەوێ ئەوانەی بەرپرسیارن دادگایی بکرێن”.

وەلی ئەنجو، برا ١٦ ساڵەکەی و ١١ خزمی دیکەی لە کۆمەڵکوژییەکەدا لەدەستداون، رایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی تورکیا ھەڕەشەیەیان لە خێزانەکەی کردووە.

راجی بیلیجی، بەڕێوەبری لقی دیاربەکری رێکخراوی مافەکانی مرۆڤیش رایگەیاند کە کەسوکاری قوربانییەکان چاوترسێن کراون ” کە قسە بۆ میدیاکان نەکەن”.

بارودۆخی تەمومژاوی دوای ھێرشەکە- نەزانینی ئەوەی کێ فەرمانی ھێرشەکانی دەرکردووە- کوردی نیگەران کردووە.

بەپێی قسەکانی وەڵات زەیدانۆخلو، بەڕێوەبەری نووسینی دامەزراوەی توێژینەوەی کوردی لە سوید، ھۆکاری ئەوەی کە تاوەکو ئەمکاتە کەیسەکە چارەسەر نەکراوە ئەوەیە کە ئەنجامدەرانی تاوانەکە لەلایەن دەوڵەتەوە زۆر نزیکن و ناسراون. لەو بارەیەوە دەڵێت “ھیچ کەسێک سزا نەدراوە لەراستیدا دەوڵەت بەدوایاندا ناگەڕێت”.

ئوموت ئۆکرملی، پرۆفیسۆر لە سەنتەری توێژینەوەی رۆژھەڵاتی نێوەڕاست سەر بە زانکۆی لوند ھەمان بۆچوونی ھەبوو، گوتی”دەوڵەت ھەوڵنادات تاوانباران بدۆزێتەوە و سزایانبدات. دڵنیام ئەوان دەزانن کە رێک چی روویداوە”.

ئاماژەی بەو سەرچاوەیە کرد کە دەریدەخات دەزگای ھەواڵگری تورکیا بە سوپای راگەیاندووە باھۆز ئەرداڵ، سەرکردەیەکی پکک ئامانجەکەیە.

ئۆزکرملی گوتیشی”ئێستا ئایا ھەوڵێک بووە بۆ سەرلێشێواندنی سوپا (لەلایەن دەزگای ھەواڵگری تورکیاوە) یان ھەڵەیەکی راستەقینە بووە؟”.

مھەممەد نەجەف، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە لە زانکۆی ساوزێرنی دانیمارک، رای پێچەوانە بوو، ئەوەشی خستە روو کە جگە لە بڕیاربەدەستان کەسی دیکە ناتوانێ بزانێ لەکاتی ھێرشەکەدا بەدیاریکراوی چی روویداوە.

گوتیشی”بەڵام کەیسی کۆمەڵکوژییەکە پێویستە چارەسەر بکرێت، چونکە متمانەی ھاووڵاتیانی کورد بە سیستەمی بەرگری تورکیا لەق.

Del på sociale medier

Kommentér via Facebook

kommentarer